سینەما کێشەیە؟
641 بینراو
بەر لە هەموو قسەیەک، بەر لە هەموو پیرۆزییەک، بەر لە هەموو داهێنان و پێشکەوتنێک، ئێمە پێویستمان بە (ڕەوشت) هەیە. ئەم ڕستەیە ڕەنگە سەرەتای بەئاگاهاتنەوەیەکی دڵتەنگکەرانە بێت، چونکە بابەتەکە دێتە سەر ڕەوشت. وە لێرەدا کۆمەڵ بەردەوام داوای ڕەوشتی نوێ دەکات هەڵبەت خودی ڕەوشتیش پێویستی بە ڕەوشت هەیە، واتە ئێمە لە ڕاستیدا پێویستمان بە ڕەوشتی بەردەوام گۆڕاوی ڕەوشت هەیە کە لێرەدا حەتمەن مەبەست لە گۆڕاو نوێگەرییە، لەسەر ئەم بابەتە چەندین چەمک دێنە کایەوە، بۆ وێنە لەخۆم دەپرسم بۆ پێویستمان بە ڕەوشت هەیە، ڕەنگە ئەم پرسیارە فرەوەڵام بێت، ئەما لە گرنگترین وەڵام و چەمک وا بیردەکەمەوە (کێشە) بێت، واتە (ڕەوشتمان پێویستە تا کێشە درووست نەکەین)، کە خۆی لە خۆیدا چەمکی کێشەیش دواتر ئاڵەنگارە لەگەڵ چەندین چەمکی دیکەدا، بەڵام لێرەدا بەتەنیا جەخت لە پەیوەندی پێچەوانەی نێوان چەمکی (ڕەوشت) و(کێشە) دەکەمەوە.

یەکێک لە باوترین جۆرەکانی چەمک بریتییە لە (سوان) واتە بەردەوام بەکارهێنانەوەی بەردەوامی چەمکەکان لەلایەن ئێمەوە (دوبارە بوونەوە) کە (سوان) ئەنجامی دووبارەبوونەوەیە، ڕەنگە لە دیوەکەی تردا هەر خۆی بۆ خۆی ئەمەش (سوان) بێت. دوبارە بونەوەی بەردەوامی هەموو کردارێک نا زانستیانە دەبێتە کێشە، دواتر دەچێتە چوارچێوەی (گاڵتەجاڕی) کە دواجار ئەمەش (ڕەوشت جیایی) لێ دەکەوێتەوە هەڵبەت (ڕەوشت جیایی) مەبەست لێی تەواوی ئەو ڕەوشتانەیە کە ئاڕاستەکان بەرەو خراپتر و خراپتر دەبەن، بیرمەندی سلۆڤینی (سلاڤۆی ژیژک) لە کتێبی (سەرەتا وەک تراژیدیا، دواتر وەک کۆمیدیا) دەڵێت (هەموو ڕوداوەکان دوبارە دەبنەوە، سەرەتا وەک تراژیدیا دواتر وەک کۆمیدیا) لێرەدا پرسی ئەوە دێتە کایەوە کە ئایە ئێمەش لە ڕاستیدا دووبارەین؟. واتە تەواوی کردار و ئاڕاستەکانیشمان دوبارەن؟ ئەگەر مەوادایەکی ئاراستەکردنی وەک (سینەما) بە نموونە وەربگرین، دەبینین خۆی لە خۆیدا دوبارەبوونەوەیەکی بێکۆتایە لە هەر ڕوداوێکدا لێ سینەما وەڵامی ئەو دووبارە بوونەوەیە دەداتەوە لە ڕێگەی تازەگەری لە دووبارە بوونەوەدا، لە زنجیرە ڕوداوەکانی (زۆدیاک) دا لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو کە زنجیرە تاوانێکی کوشتن و ڕفاندن بوو لە ویلایەتی (کالیفۆرنیا و نیڤادا) بە نسبەت خەڵکەوە پڕ لە ترس و تۆقین بوو، وە ئەو ڕوداوە بۆ خەڵک هەردەم دووبارە بوو چونکە تا ئێستا کەیسێکی کراوەیە و هیشتا تاوانباران دیارنین، لە لایەکی دیکە دەرهێنەری ئەمریکی (داڤد ڤینچەر) بە دوو بەش کەیسی زۆدیاک دەکاتە فیلم، کارکردن لەم ڕوداوە دووبارەیەدا تاڕادەیەک قورس و پڕ لە کێشەیە، بەڵام (ڕەوشتی سینەما)ی فینچەر تازەگەری و داهێنان دەخوازێت، لە فیلمەکەدا کرۆکی ڕوداوەکان پشانی بینەر دەدات کە بۆ بینەر تازەن و دووبارە نین، یاخود هەندێک جار گومان بۆ بینەر دروستدەکات لە مڕ دەستنیشانکردنی تاوانبار کە ئەمەش دیسان دووبارە نییە، واتە ئەگەری چی بەرکەوتنی خەڵک بەگشتی بەم ڕوداوە دووبارەیە بەڵام لە ناواخندا هەندێک ڕوداو و ڕونکردنەوە تازەن، ئەمە لەسەر سینەمای پڕۆفیشناڵ کە بەتەواوی (ڕەوشتی سینەما) تێیدا بەرجەستەیە! وە ڕەوشتی نوێگەرانەی ڕابەران وەک پێویسی دێتە بوون. پنتێک کە پێمان دەڵێت (ڕەوشت جیایی) دواتر دەبێتە کێشە بەردەوام دووبارە بوونەوەیە، دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ڕوداوەکان یاخود نەبونی ڕەوشتی نوێ و تایبەتمەند لە ڕابەراندا یان وەک ڕوشتی نوێگەری و داهێنەرانە... هتد... کەواتە لێرەدا چەمکی ڕەوشت جیایی یەکسانە بە دووبارەبوونەوەی نازانستیانە وە یەکسانە بە کێشە. پاشان ئایا کورد لێرەدا چ پشکێکی بەردەکەوێت؟ ئایا ئەم چەمکانە تەنیا بۆ کورد ڕاستن یان زۆرینەی مرۆڤ بەم شێوەیەن؟ ئایا ژینگە دەبێتە هاندەرێک بۆ بەرەو ئەم چەمکانە؟ یاخود مرۆڤ لە بنەڕەتدا زادەی ئەم چەمکانەیە؟ چین ئەو چەمکانەی یەکسانن بە کێشە؟ سینەما بۆ دەبێتە کێشە؟

لەگەڵ هەڵمژینی یەکەمین هەوای مرۆڤایەتی، مرۆڤ بەردەوام هەوڵی تیرۆرکردنی بەرامبەر دەدات، واتە بەرەو دۆزەخ بردنی بەرامبەر دەبێتە سیستەم، کە خۆلادانیش لە سیستەم دژاورە، وەک بۆچونی (ئەویتر هەمیشە دۆزەخە)ی بیرمەندی فەڕەنسی (ژان پۆڵ سارتەر)، کەچی لێرەدا بابەتی نکوڵی لەو ڕاستیە دیسان دەبێتە دووبارەبوونەوە، کورد وەک یەکێک لەو گەلانەی کە مێژوویەکی ئەوتۆی لەگەڵ سینەمادا نییە حەتمەن پێویستە ئەزموونە سەرەتاییەکان بکات، کە ئەمەش بە پلەبەندیە، بۆ وێنە یەکەم بەرکەوتن و کاردانەوە دەبێتە قۆناغی یەکەمی ئەزموونکردن، دواتر بەرپەرچدانەوەیە، دواتر نکوڵی لێکردن و قوناغەکانی دیکە... کە هەر یەکێک لەم قۆناغانە ڕەنگە پێویستی بە چەند ساڵێک بێت، بەردەوام لە دووبارەبوونەوەیەکی ناجۆردایە، بەردەوام بەرپەرچدەداتەوە، ئەو پێی وایە هەردەم ڕاستی لای ئەوە، بەڵکو بەرپەرچی بینراوی خۆیشی دەداتەوە، پێی وایە ئەو بەردەوام پێویستی بە دووبارەبوونەوەی ڕابردوو هەیە، بە واتایەکی دیکە پێی وایە گرنگترین چیرۆک ڕابردووە، دووبارە و دووبارە، حەز بۆ ئەو ڕابردوو بووتە چەقبەستن لە قۆناغێکدا. ژاپۆن لە ساڵی 1995وە وەستا لەبەرهەمهێنانی فیلم دەربارەی هێرۆشیما، ئایا لێرەدا دیسان بەر ئەو پرسیارە ناکەوین کە دەڵێت ئێمە تاکەی پیویستمان بە خۆزەلیلکردنە؟ ئێمەی کورد کە هەردەم دووبارەی چەمکەکانی سەرەوەین، کەی بڕیار دەدەین فیلمێک دەربارەی گەلە ئەستێرەی (ئەندرۆمیدا) دروست بکەین؟ ئایا ئێمە بێزارین لەو ڕابردووە دووبارەیەی کە هەردەم تێیداین؟ یاخود پێمان وایە پێویستە درێژە پێدەری ئەو ڕەوتە چەق بەستووە بین و وا بیردەکەینەوە هونەر یەکسانە بە ئەنجامدانی کۆمەڵەکردارێکی یەک لە دوای یەکی و تاقەت پڕوکێن لە پێناو دەستەواژەی (تەنیا بۆ حەز و خزمەتە)؟ ئەگەر واین کەواتە ئێمە دووبارەین وە کێشەین، ئەگەر وا نین کەواتە پێویستمان بە تێپەڕاندنی خێرای ئەم قۆناغەیە (سکیپ کردن) بێگوومان کێشەکە تەنیا چەقبەستن نییە لە قۆناغێکدا بەڵکو ڕەوایەتدانە بە پێشهاتەکانی ئەو قۆناغە، وە کوشتنی ڕەوشتی نوێگەری و داهێنەرانەیە، لەگەڵ ئەمەدا ڕەوشت جیایی کۆمەڵگە هاندەری بەردەوامی دووبارە بوونەوەیە، کەواتە لێرەدا نەبوونی ڕەوشتی *قبوڵکردن دەبێتە بکوژی ئەو ڕەوتە نوێگەرە لە کاتێکدا (کێرڤ)ی بەرەو پێش چوونی دەوروبەر بەردەوام لە هەڵکشانی خێرادایە، ئەوەی ئێرە هەردەم بەشێوەیەکی هیواش و خودکارانە لە دووبارەبوونەوەدایە، لێرەدا لەبری پەرەو پێشچوون بەجێمان ڕودادەت، کە لە داهاتوودا دەبێتە کێشە، بە واتایەکی دیکە تێنەپەڕاندنی قۆناغ دەبێتە بارگرانی بۆ نەوەی دواتر، ئەمە کێشەیە، وەک چۆن ئەرکی قوتابخانە کەڵەکە دەبێت، بەهەمان شێوە ئەرکی تێپەڕاندن و ئەزموون کردنیش کەڵەکە دەبێت، وە کات تەواو هێواش دەبێتەوە و دووبارەیی دەبێتە باوترین چەمک و بەرهەمهێنەری کێشە. لێرەدا لەبری ئەوەی سینەما ببێتە چارەسەرکەری کێشە، خۆی دەبێتە کێشە. کەواتە بەر لە هەموو قسەیەک، بەر لە هەموو پیرۆزییەک، بەر لە هەموو داهێنان و پێشکەوتنێک، ئێمە پێویستمان بە (ڕەوشت)هەیە.