واڵتەر وایت و کێشە دەروونیەکانی
703 بینراو
واڵتەر وایت و کێشە دەروونیەکانی نووسینی دانا نازەنین

شێرپەنجە بۆ واڵتەر وایت ساتەوەختی جوڵەی ئیگۆ پیاوانەکەیەتی (male ego)؛ شێرپەنجە بۆ ئەو تەنها نەخۆشیەکی فیزیۆڵۆجی نیە بەڵکو ساتەوەختی هەستکردنە بە ناتوانایی و لاوازی و پیاوەتی لەڕووی دەروونیەوە، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم گرێ دەروونیە دەبێتە بەرهەمهێنەری ماددەی مێسامفێتەمین Methamphetamine کە ماددەیەکی کیمیایی بێهۆشکەرە وەک کارێکی نایاسایی و لادەر و کاری پیاوی بەهێز و یاخی بووە لەیاسا و کۆمەڵگا. لەدەستپێکی کارەکەیدا وزە نائاسایە سێکسیەکەی لەگەڵ سکایلەری هاوسەریدا دەگەڕێتەوە وەک میتافۆڕی توانا و هێزی پیاوانەی واڵت. دیسانەوە ئەم بارە سایکۆلۆژیەی واڵت بەڕوونی دەردەکەوێت لەکاتێکدا لەگەڵ هانک و کوڕە 15ساڵانەکەیدا [جەی ئاڕ] دانیشتون بۆ خواردنەوەی مادە کحولیەکان بەپێچەوانەی خویی هەمیشەییەوە ئۆفەری خواردنەوە بۆکوڕەکەی دەکات لەکاتێکدا 15ساڵە و لەڕوی یاساییەوە ڕێپێنەدراوە تا وەک پیاوێکی بە هێزی یاخی کەتوانای لادانی هەیە خۆی نیشانی هانک و ئەوانی تریش بدات.

پارە بۆ واڵت لە پێناسە بنەڕەتییە مارکسیەکە بەدەرە، کە پارە ئامڕازی ئاڵوگۆڕە، بەڵکو واڵت پارە وەک ئامانج و هێز دەبینێت کە دیدێکی سەرمایەدارانەیە بۆ پارە دیسانەوە ئەمە دەرچەیەکی ترە بۆ دەربازبوون لە کێشەی خۆ بەلاوازانینەکەی، لەڕاستیدا واڵت نابێتە بەرهەمهێنەری ماددەی سڕکەر لەبەر ئەوەی پارەی پێویستە، بەڵکو ئەم کارە دەکات چونکە هێزی پێویستە و دەیەوێ هێز و توانای خۆی وەک پیاو بسەلمێنێت، هاوڕێ ملۆنێرەکەی ئیلیەت پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات کە پارەی نەشتەرگەریەکەی بۆ بدات، بەڵام واڵت ئەمە قبوڵ ناکات، دیسانەوە ڕق لێبونی واڵت لەکاری "سواڵکردنی ئیلیکترۆنی-cyber beg"ی کوڕەکەی بە دەستەواژە واڵتییەکە هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە واڵت هەست بەلاوازی دەکات. لە دوایەمین زنجیرەدا کاتێک واڵت بەپێچەوانەی هەمیشەوە دەڵێت، ڕاستیەکەی "من ئەم کارەم لەپێناو خێزانەکەم و ئێوەدا نەکردووە بەڵکو بۆخۆم کردومە و لەزەتم لێبینیوە". ئەم لەزەت بینینە مانای دانپێدانانی واڵتە بەکێشە دەرونیەکەیدا، وە دواجاریش کە پارەکە دەباتە ماڵی کۆنە هاوڕێ ملۆنەرەکەیەوە بەجۆرێک دیسان ویستی پیشاندانی هێز و توانای پیاوەتیەتی بە هاوڕێکەی، واڵت پارەی پێویستی دەست دەکەوێت بەڵام خواستی پارانۆیدانەی واڵت بۆ هێز داوای ئیمپڕاتۆریەتی دەکات نەک تەنها پارە.

واڵت پیاوێکی زیرەک و بەهێزە، بەڵام هەمیشە لەبەردەم حوکمە ئەخلاقییەکاندا دەدۆڕێت، هەر لە سەرەتاوە کە دەست دەکات بە کارەکە و تا چاودێریکردنی مەرگی خۆشەویستە بێهۆشەکەی جێسی و ژەهر خواردکردنی مناڵی خۆشەویستەکەی جێسی و درۆکردنە بەردەوامەکانی لەگەڵ سکایلەر و خێزانەکەیدا ئەمانە دەلالەتن لە دۆڕانی واڵتەر لەڕووی ئەخلاقییەوە کاتێک دەکەوێتە بەردەم حوکمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەخلاق و ئامڕازەکانی هێزدا و لەدەرئەنچامی ئەم دۆڕاندنە ئەخلاقیانەشدایە کە ژیان دەدۆڕێنێت، خێزانەکەی هەڵدەوەشێتەوە، سکایلەر خیانەتی لێدەکات، شوناسی دەشێوێنێت لەبەرچاوی منداڵ و هاوڕێکانی دا و کۆمەڵگا بەنەفرەتی دەکات و دواچاریش جێسی پاش ئەو هەموو قوربانیە لەسەرەمەرگدا بەجێی دێڵێت. فیلمەکە حوکوم بەسەر واڵتەردا دەدات وەک فیگەرێک بۆ خستنەڕوی ئەو ئایدیا مۆڕاڵییە سوکراتیەی کە دواچار ئەوەی ژیان دەبەخشێت بە مرۆڤ هێز و لێهاتویی نییە بەڵکو ئەخلاقە، مرۆڤی دابڕاو لە ئەخلاق مرۆڤێکی فشۆڵ و دۆڕاوە.

یەکێکی تر لە کۆدە شاراوە و نەبینراوەکانی فیلمەکە کێشەی خۆشبەختییە، لە دنیای زیاترە مرۆڤگەری - hyper individualism ی تەکنۆ نیولیباڵیزمی کەپیتاڵیستی دا، ئەفسونی خۆشبەختی لە چێژدا دەبینێتەوە، واتە تۆ غەریزەی چێژەکانت تێرکە ئیدی خۆشبەختی، ئەم دیدگایە لە نهێلستی بوونەوە بۆ ژیان سەرچاوەی گرتووە، سێکس، مادەی بێهۆشکەر، هێز، پارە، ئەمانە ئەو شتانەن کە مرۆڤی ئیمڕۆکە وەک ئامڕازەکانی خۆشبەختی لێیان دەڕوانێت لەکاتێکدا لەزەتن و زیادەڕۆیی کردن لەوانەدا دواجار خزمەت بە خولیا نەگریسەکانی وەک خۆپەرستی، ڕق، حەسودی، چاوبرسیەتی، نابەرپسیاریەتی، درۆزنی، ناپاکی، مرۆڤ دەکەن و گەشەکردنی ئەمانەش مرۆڤ ناخۆشبەخت دەکەن. هەرچی بە بەخشین، هاوکاری، خۆشەویستی، میهرەبانی، بەرپرسیاریەتیشە ئەوانەن کە پەیوەستن بەخۆشبەختیەوە.