وەهم وەک نشینگەی ئەبەدیمان
249 بینراو
وەھم وەك نشینگەی ئەبەدیمان نووسینی ماجد حەسەن ئێمەی مرۆڤ تەنیا بە وەھمەکانمانەوە دەتوانین بژین، مەگەر جگە لە وەھم مرۆڤ شتێکی دیکەی ھەیە بۆی بژی؟!. چارلز بۆکۆفسکی فیلمی”شیوەن بۆ خەونێك” لە کارە بیرنەچووەکانی “دارن ئارنۆفسکی”ە، کە ساڵی دوو-ھەزار بەرھەمھاتووە. چیرۆکی فیلمەکە چیرۆکی چوار کەسایەتیە کە ھەریەکەیان وەدووی وەھمی خۆیان لە نێو واقیع و کۆمەڵگەی دڵڕەقی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکی ئەمریکادا کەوتوون. دارن ئارنۆفسکی” لە دەرھێنەرە کۆمەڵناس و دەروونشیکارەکانی سینەمایە، ھەڵبەت لە خۆڕا ناتوانین ناو گەلێکی لەو جۆرە بەسەریدا بسەپێنین، چونکە ھەر ئەوەندەی فیلمەکانی”شیوەن بۆ خەونێك، قازی ڕەش، دایك” ببینین تێدەگەین چ دەرھێنەرێکی قووڵ و خاوەن تێگەشتنێکی لە بن نەھاتووی مرۆڤ و دەردەکانیەتی، ڕەنگە بەشی ھەرە زۆری ئەم قووڵبوونەوە و ئاگاییە زۆرەی ئارنۆفسکی، پەیوەندی بە خوێندنە ئەکادیمییەکەی بێت کە دەرچووی بەشی ئەنترۆپۆلۆجیای کۆمەڵایەتیە.

“سارا” پیرە ژنێکی کەشخەو و میھرەبان، ڕۆچوو لە تەنیایی ڕۆژگار، لە دوای لە دەستدانی ھاوسەرەکەی و کارە ئازاردەر و سەرەڕۆکانی کوڕە تاقانەکەی. ”سارا” ئاڵوودەی تەماشای تەلەفزوێن و چاودێریکردنی بەرنامەیەکی پێشبڕکێی گرنگە، کە پێی وایە بەم نزیکانە بەشداری دەکات و براوە دەبێت. ”ھاری” منداڵە تاقانەکەی“سارا” ئاڵودەبووی مادەی ھۆشبەرە و لە نێو بەدەست ھێنانی بڕێك مادەی مەسرەفی ڕۆژانە گێژ و سەراسیمە بوەو ناچار پەنا بۆ فرۆشتنی تەلەفزوێنەکەی دایکی کە بۆ سارا گرنگترین ڕێگای بەستەنەوەیەتی بە خەونەکەی دەبات.”تارین” ھاوڕێی نزیکی”ھاری”یە سەرەتا لە مەسرەفی ماددە و پاشانیش پەیداکردن و خڕکردنی پارە لەگەڵی کە خەونێکی پێکەوەیی و ھاوبەشیان ھەیە لەگەڵ”ھاری” ئەویش پێکەوە نانی پارەیەکی زۆر بە ماددەی ھۆشبەر و خولقاندنی ژیانێکی پڕ لە چێژ و خۆشی بەردەوام. ”ماریون” خۆشەویستی”ھاری”یە کە عەشقێکی قووڵ لە نێوانیان ھەیە و ئەم عەشقە بڕێك جار ئاڵوودە بوون بە ماددەی ھۆشبەر قوڵتر و بەرینتری دەکات و بڕێك جاریش سارد و بێزارکەر دێتە پێش چاوان.

*گەر بگەڕێینەوە بۆ چیرۆکی پەیدابوون لە”کتێبی پیرۆز”دا خودا لە پاش ڕۆژی حەوتەم مرۆڤ دێنێتە نێو بوونەوە”. خەلقکرنی مرۆڤ لە کاتێکدایە کە گەردوون جۆرێك لە سەقامگیری و بێ کێشە و ئاڵۆزی دەھاتە پێش چاوان بەڵام لە زەین و ئارەزووی خودادا جۆرێك لە نا ئارامی و نا کامڵی لەگەڵ واقیعدا ھەبوو بۆیە لە لایەك بۆ تەواو کردنی کامڵیەتی گەردوون و لەلایەکی دیکەوە بۆ تەواکردنی چێژی خەلق مرۆڤ دێنێتە نێو گەردوونەوە کە ھێنانە بوونی ئادەمی دەتوانین بڵێین ھیچ نییە جگە لە وەھمێکی گەورە کە لە تەواوکاری چێژی خەلق و لە ناویشیدا ھیوا و ئومێدێك بە مرۆڤ کە خودا لە تەنیایی ڕزگار دەکەن و دەبنە بەندەی ئەبەدیی و بۆ ھەمیشە بە تەنیا ئەو بە خودا دەزانن و بەندایەتی و ستایش بۆ ئەو دەکەن خۆی دەبینێتەوە. پاڵنەری خەلقی مرۆڤ کە ھیچ نییە لە وەھمێکی گەورە و لە ناو ھەر وەھمێکیشدا ئارەزووە لە بن نەھاتووەکان خۆیان نمایش دەکەن دەبەستینەوە بە وەھمی کارەکتەرەکانی فیلمەکە؛ مەگەر وەھمی سارا بۆ بەشداری لە پێشبڕکێ گەورەکە و براوە بوون لە بەردەم و لە پێش چاوی ملیۆنان مرۆڤدا. مەگەر وەھمی”ھاری و ماریون”بۆ پێکەوە نانی سامانێکی زۆر و ژیانێکی لێوان لێو لە چێژ و ئارەزووی تاقینەکراوە لە پەنای یەکتردا. مەگەر وەھمی”تارین”ھاوڕێکەی”ھاری”بۆ خڕکردنەوەی سامان و غەرق بوون لە ژیانێکی پڕ چێژ و کەمترین بەرپرسیاریەتی، ھەمان ئەو وەھمە ئەزەلییە نییە کە خودا لەسەرەتایی چیرۆکی خەلقدا بۆ خۆی دروستی دەکات و خەلقی مرۆڤیش دەکاتە کەرەستەی ھاتنەدی وەھمەکەی و لە ناویشیدا نۆشینی ئارەزووە خوداییەکانی خۆی؟.

مەگەر تەلەفزوێن و ماددەی ھۆشبەر لێرەدا جگە لە کەرەستەی خولقاندنی وەھم و لە ناویشیدا نزیك بوونەوە لە ئۆرگازم بۆ چێژی کارەکتەرەکانمان، چیرۆکێکی دێرین نییە کە چیرۆکی خەلقە و ئێمەش کەرەستەی نێو چیرۆكەکە و ئۆرگازمی ئارەزووە خوداییەکانی خودا نین؟. مەگەر ھەمان ئەو حەبانەی کە سارا بۆ دابەزاندنی کێشی پەنای بۆ دەبات و دەیەوێت جەستە بۆ خەونەکەی ئامادە بکات و بوونی خۆی لە ستەیجی خەونەکەی چێژدارتر بکات، مەگەر”ھاری و مارین و تارین” دیالۆگ و مەست بوون و غەرق بوونیان لە نێو میوزیکی دەنگ بەرز و کێشانی مادەی ھۆشبەردا، ڕاکردن لە واقیع و دەستەبەردان بوون نییە لە واقیع و بەردەوام ھەستی ژیانکردن نییە لە نێو وەھمەکانیاندا، ھەر وەك چۆن خودا لە دوای بێ ئومێدی لە مرۆڤ و ترسی ڕامنەکردنی بۆ ھاتنە دی وەھم و چێژە لە بن نەھاتووەکانی، پێغەمبەر گەلێك بە کتێبی گەورەوە لە تێکڕای سەردەمەکان نانێرێت؟. مەگەر کۆی ترس و شڵەژانە دەروونییەکانی”سارا” بە بەکارھێنانی تەلەفزوێن وەك کەرەستە، ڕاکردن نییە لە ترسی تەنیایی و پەراوێزی؟ مەگەر ترسی”ھاری و مارین” و مادەی ھۆشبەر وەك کەرەستە، ترس نییە لە وێرانە بوونی ژیانیان و کۆتایی عەشقە قوڵەکەیان و سەرەنجامی تاڵی تەنیایی و جیایی و بێ ماڵ و جێی؟ مەگەر ترسی”تارین”ترسی دڵڕەقی و بێ ڕەحمی کۆمەڵگە و سیستەمێك نییە کە ھەمووان ئامادەن ھەر کارێك پێیان خۆش بیکەن، تەنیا نەکەونە نێو ھەست و واقیعی پەراوێزی و تەنیاییەوە، ھەمان ئەو ھەستە پڕ ترس و قووڵەی خودا نییە لە تەنیایی کە ناچار بۆ ڕاکردن و ڕزگاری لە تەنیایی چیرۆکی خەلق بە مرۆڤ و شەیتان شلۆق دەکات؟.

“شیوەن بۆ خەونێك”بۆ بینەرانی ئاسایی وەك ڕەچەتەی دکتۆرێکی دەروونی یاخود ئامۆژگاریی و ڕێنماییەکی تەندروستی میدیایی دێتە پێش چاوان، کە ماددەی ھۆشبەر چ وەك مەسرەف و چ وەك فرۆش چ کارەساتێك بۆ بەکارھێنەر و فرۆشیارانی دەخولقێنێت، بەڵام فیلمەکە ھەڵگری زیاتر لە قووڵبوونەوە تێڕوانینێکی گشتگیر و ئاساییە و لە شاکارە نەمرەکانی سینەمایە. میوزیکی مەتنی فیلمەکە کە لە دوو بەشی سەرەکی پێك دێت، لە سەرەتا و پاشان کۆتایی فیلمەکە. بە تەوایی دڵنشین و ڕۆچووە بە سکانس و گرتەکانی فیلمەکەدا و بۆتە بەشداریەکی گرنگی ئەبەدیەتی فیلمەکە.

کۆتایی فیلمەکە کۆتاییەکی غەمھێن و ئازاردەرە، کارەکتەرەکانمان وەك جۆرێك لە قوربانی وەھمەکانیان دەکەونە نێو ترس و تەنیاییەکەی کە ھەموو ژیانیان لێیان ڕادەکرد، ھەر یەکێکیان لە سوچێکی بێ ڕەحمی کۆمەڵگە و ژیانەوە بە بەکارھێنانی کەرەستە گەلێکی کوشندە چارەنووسێکی تراژیدی و ئازاردەریان ھەیە، کۆتاییەك کە سیستەمە بێ ڕەحم و وێرانکەرەکەی واقیع، بە ھەڵاوێرکردنی کردەی کارەکتەرەکان دەستێکی باڵای لە خولقاندنی چارەنووسە دڵتەنگەکەیان ھەیە.

وەك چۆن کۆتایی ھەموو چیرۆکەکان ئەنجامی سەرکەوتن و بردنەوەی واقیعە بەسەر وەھم و خەوندا، کۆتایی فیلمەکەش کۆتایی وەھم و خەون گەلێکە کە واقیع تێکیان دەشکێنێت و بە پەراوێزی و تەنیایی و پەشیمانیان دەسپێرێت، وەك چۆن خالقی چیرۆکی خەلق لە بەرامبەر واقیعدا بۆ بڕێکی زۆر لە مرۆڤەکان تێکشکاو و بێ کردەیە و چیتر جیھانی جێھێشتووە، یاخود بە قەولی “نیچە “مردووە و لە دەرەوەی ھەموو کارتێکەر و کارتێکراوێکەوەیە. *کتێبی پیرۆز/پەیدابوون٢چاپی یەکەم٢٠١٧.