خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی درەختی ژیان The Tree of Life
279 بینراو
فیلمەکەی تێرنس مالیک، درەختی ژیان، کە بە وتەیەک لە سەرەتای "کتێبی ئەیوب"ـەوە دەستپێدەکات، پاشان بە پیشاندانی بەڵگەنامەییەکی پازدە خولەکی لەسەر مێژووی گەردوون و تا دەگات بەو کۆتاییە تەلیسماوییە، فیلمێکە پرسیار لەسەر "مانا" و مەبەستی نوسەر و دەرهێنەر دروستدەکات. هەواداران و ڕەخنەگران بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پەیامی ئەم فیلمە شتی زۆریان نوسیوە، بە ئینتەرنێتدا بگەڕێ سەدان کۆمێنت دەدۆزیتەوە کە باسی سیمبولی دیمەنە دیاریکراوەکانیان کردووە. لە هەمان کاتدا، بینەرێکی زۆر بەهۆی فیلمەکەوە پرسیارێکی زۆریان بۆ دروستبووە. لە ڕوانگەی منەوە، ئەم فیلمە پەیامێکی ڕوونی ڕۆحی پێشکەشدەکات کە ئەویش لەسەر ژیان و مردن و سەرچاوەی ئەو دڵدانەوە ڕاستییەیە کە کاتێک ئازار دەچێژین و خەم دەخۆین.

وتەی سەرەتای فیلمەکە کە لە "کتێبی ئەیوب"ــەوە وەرگیراوە ئەمەیە: "لە کوێ بوویت کاتێک زەوی و ئاسمانەکانم دروستکرد؟ کاتێک ئەستێرەکانی بەیانیان پێکەوە گۆرانییان دەچڕی و کوڕانی خودا لە خۆشیدا هاواریان دەکرد؟" هەر وەکو لەوانەیە بە بیرتدا بێتەوە، چیرۆکی ئەیوب دەربارەی پیاوێکی ئاینییە کە خودا ڕێگەی بە شەیتان دا هەر دە کوڕەکەی بکوژێت بۆ ئەوەی باوەڕی تاقیبکاتەوە. ئەیوب بەبێ ئەوەی گلەیی و گازندە لە خودا بکات، ئەم ئازارە گەورەیەی چەشت، هەرچەندە هاوڕێکانی داوایان لێ دەکرد توڕەیی ناخی هەڵبڕێژێت، بۆیە لە کۆتاییدا نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە خۆی تێیدا لەدایکبوو. ئەم چیرۆکەیەی ئەیوب تا ئێستا چەندین شیکردنەوەی ڕۆحی جیاوازی بۆ کراوە، ئەو شیکردنەوەیەی کە لەگەڵ ئەم فیلمەدا دەگونجێت بریتییە لە مەزنییەتی مەبەستەکانی خودا، بێتوانایی مرۆڤ لە هەمبەر تێگەیشتن لە پلانە گەورەکانی خودا، هەروەها ئەو خاکەڕایی و قبووڵکردنەی ئەم سنوورانە کە دەکەونە چوارچێوەی باوەڕیی ئاینییەوە. وتەی سەرەتای فیلمەکە ئەوە دەردەخات کە خودا بە کات و پێوانەیەکی ئاسمانی بیردەکاتەوە کە زۆر لەوە مەزنترە مرۆڤ بتوانێت لێی تێبگات، زۆر مەزنتر لە خۆشی و ناخۆشی هەر مرۆڤێک.

بە تێکهەڵکێشکردنی زنجیرەیەکی دوور و درێژ کە هەر لە تەقینەوە گەورەکەی گەردوونەوە دەستپێدەکات و پاشان دروستبوونی زەوی و بنچینەی ژیان لەسەر هەسارەکەمان، تا دەگات بە چیرۆکی خێزانی 'ئۆبراین' لە تێکساس، مالیک چیرۆکی فیلمەکەی دەخاتە نێو چوارچێوەیەکی وەها گەورەوە. لە کاتێکدا ئەو هەستە سەیرە پڕ جۆش و خرۆشییەی کە ئەندامانی خێزانەکەی گرتووەتەوە، هەستکردن بە سۆز و گوناح و دڵتەنگی هەر یەک لە تاکەکانی خێزانەکە لە نێو ئەم چوارچێوە گەورە گەردونییەدا زۆر بچووکە. گەشتەکەیان نزیکە لەوەی گۆشەنیگایەک لەسەر شوێنی ڕاستەقینەیان لەو گەردوونەدا بەدەستبهێنێت، گەشتێک لە خوودەوە بۆ ئەودیوی بوون و سنوورەکان. گەشتەکە لە لایەن خاتوو 'ئۆبراین'ـەوە بەجوانی پیشاندەدرێت کاتێک هەوڵدەدات دڵتەنگییەکەی بە باوەڕهێنان بە بەزەیی و میهرەبانی خودای مەسیحییەت تیمار بکات. لە سەرەتای فیلمەکەدا، خاتوو 'ئۆبراین' هەواڵی پێ دەگات کە کوڕە نۆزە ساڵانەکەی بەناوی ئاڕ. ئێڵ (لارامی ئێپلەر) مردووە، چەندین کەسی جیاواز هەوڵدەدەن لەم کاتە سەخت و ناخۆشەدا دڵنەوایی بدەنەوە.

ژنە بەتەمەنەکە دنیایەک قسەی بۆش و بەتاڵ بەدوای یەکدا ڕیز دەکات: "یادەوەرییەکانی کوڕەکەت لە مێشکتدایە. تۆ ئێستا دەبێت بەهێز بیت. دەزانم لە کاتی خۆیدا ئازارەکە نامێنێت. دەزانیت، لەوانەیە قورس دەربکەوێت، من وا دەڵێم، بەڵام ئەوە ڕاستییە. ژیان بەردەوامە. خەڵکی ئێرە بەجێدەهێڵن، هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێتەوە. تۆ هێشتا دوو کوڕەکەی دیکەت ماون. خودا دەیبەخشێت و هەر خوداش لێتدەسێنێتەوە، ئەو بەم شێوەیەیە. خودا مێش بۆ ئەو برینانە دەنێرێت کە دەبێت ساڕێژیان بکات." پاشان قەشەکە بۆ دڵدانەوەی، قسەیەکی زۆر دووبارەی پێدەڵێت - "ئەو ئێستا لە دەستی خودا دایە." خاتوو 'ئۆبراین' وەڵام دەداتەوە، "ئەو هەمیشە لە دەستی خودادا بوو، مەگەر وا نییە؟" ئەگەر خودا باشە و خەممان دەخوات، بۆچی وامان لێ دەکات ئازار بچێژین؟ کاتێک تەنها دەنگی دەبیسترێت، خاتوو 'ئۆبراین' بۆ دڵنەوایی پەنا بۆ کتێبی پیرۆز دەبات، لە ناوڕاستی خوێندنەوەی ئایەتێکدا، گومانەکانی ئازاری دەدەن: "چیت بەدەستهێنا؟" وەک دیارە پرسیار لە خودا دەکات. دووبارە دەپرسێتەوە، "ئایا من بۆ تۆ هەڵە بووم؟ - وەک بڵێیت هۆکارێک لە پشت مردنی کوڕەکەیەوە هەبووە، یان خودای باوەڕە تایبەتەکەی خۆی تێکەڵی کارە بچووکەکانی ژیانی کردووە و لە بەرانبەر سەرپێچیکردنێکدا سزای دەدات. "خودایە، بۆ؟" دەپرسێتەوە، "لە کوێ بوویت؟"

وەڵامی مالیک بۆ ئەو پرسیارە، ئەو زنجیرە مەزنەی دواترە کە تێیدا مێژووی گەردوون پیشان دەدات. لە ڕوانگەی منەوە، ئەو زنجیرە مەزنە بچووکی و بێبایەخی خەم و دڵتەنگییە کەسییەکانی خاتوو 'ئۆبراین' لە نێو مەزنێتی کاتدا پیشان دەدات. هەروەها دەڵێت کە پرسینی پرسیاری لەو شێوەیە و باوەڕبوون بەوەی کە تۆ زۆر گرنگیت، بەتەواویی خوودیی و بێسوودە. بەم شێوەیە، بە ڕووکەش وا دیارە پەیامی فیلمەکە لە چوارچێوەی ئایینی مەسیحییەتدا بێت، بەڵام لە ڕاستیدا پەیامەکە زیاتر ڕۆحییە وەک لەوەی پەیوەندی بە ئایینی مەسیحییەتەوە هەبێت. بەتایبەتی لە کۆتا زنجیرەدا، کاتێک خاتوو 'ئۆبراین' ئیدی واز لەو خەمخواردن و دڵتەنگییە دەهێنێت و کوڕەکەی ڕادەستی خودا و گەردوون دەکات، تێگەیشتووە کە تەنها بەشێکە (تەنها بەشێکی زۆر بچووک، بەڵام بەشێک) لە شتێکی زۆر گەورەتر: درەختی ژیان. پێزانینی جوانی و باشی ئەو بەشە گەورەیە، هەستکردن بە بوون بە بەشێک لێی و چێژوەرگرتن لەو جوانییە بریتییە لە ڕوانین لەودیویی سنوورەکانی خەم و ئازارە کەسییەکان.

درەختی ژیان لە کاتی باسکردنی "میهرەبانی" و "سروشت"ــدا، پەیامێک لەبارەی گرنگی خۆشەویستی و بەخشندەیی لە خۆ دەگرێت. چیرۆکەکەی بەڕێز 'ئۆبراین' بێبەرهەمی سروشت دەنوێنێت، کە "تەنها هەوڵدەدات خۆی دڵخۆش بکات،" لە کاتێکدا خاتوو 'ئۆبراین' لە خاکەڕایی و خۆشەویستیی پەسەنکردنی ئەوانی تردا، زۆر میهرەبان و فریشتەئاسا دەردەکەوێت. بە ڕووکەش لەوانەیە وا دەربکەوێت کە ئەمانە کاری چاکەی تایبەت بە مەسیحییەتن، بەڵام لە چوارچێوە گەورەکەی فیلمەکە و پەرەسەندنی کەسایەتی خاتوو 'ئۆبراین'ـدا، لەوانەیە وا دەربکەوێت کە "خۆشەویستی" زیاتر دەربارەی ئەوەیە کە کەسێک هەست بکات بەشێکە لە خودی گەردوون نەک ئەو هەستەی کە بۆ ئەوانی تر هەیەتی. ئەمە، لە کۆتاییدا، پەیامی ڕۆحی بنەڕەتی فیلمەکەیە: ئەو دڵخۆشی و قایلبوونە لە ژیاندا نە لە هیچ کەسێکەوە دێت، نە لە هەوڵدانی خوودی، نە بە پابەندبوون بە کارە چاکەکانی مەسیحییەتەوە، بەڵکو لەو خۆشییەوە دێت کاتێک دەبیت بە بەشێک لە ژیان وەکو گشت، ئەو خۆشییەی کە لە پەسەنکردنی جوانی شتێکی گەورەترەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە خودی کەسێک گەورەترە. تەنها ئەم جۆرە "میهرەبانی"ـیە وامان لێ دەکات بەرگەی ئەو ئازار و نارەحەتییانە بگرین کە لەم ماوە کورتەی ژیانماندا دووچارییان دەبینەوە؛ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی مانا بۆ بوونمان، یان بۆ لێکدانەوەی مەبەستە مەجازییەکانی خودایەک کە وا دیارە گرنگی بە کارە بچووکەکانی ژیانمان دەدات، لە کۆتاییدا قەترەیەک دڵنەوایی دەبەخشێت.

درەختی ژیان فیلمێکی قووڵی ڕۆحییە نەک ئایینی. وێنە جوان و نایابە خوازەکانیی لەسەر بوونی خودا دەدوێن، بەڵام ئەم خودایە، پێمان دەڵێت، لە هەموو شوێنێکە، لە هەموو شتێکدایە، بوونێکی جودا و شاراوە نییە کە پلانێکی لە ئاوەزبەدەرمان بۆ دەخاتەڕوو، بەڵکو بوونێکە کە مەزنی و جوانی گەردوونمان وەک گشت بۆ بەرجەستە دەکات. هەستکردن بەوەی کە بەشێکی دانەبڕاویت لەو گەردوونە، بنەڕەتیترین هۆکاری دڵنەوایی پرۆسەی خەمخواردنە، هەروەها بۆ ئەو ئازارە هەمیشەییەی بوون و زیندووبوونیش.