فیلمی گەورەی مێشەکان بە هەمان ناونیشان لە ڕۆمانی ولیەم گۆڵدینگی نوسەری بەریتانی وەرگیراوە، ساڵی 1963 لهلایهن گەورە دهرهێنهری سینهمایی پیتهر بروکسهوه کراوه به فیلم، باس لە کۆمەڵە قوتابییەکی سەرەتایی دەکات، دوای ئەوەی فرۆکەکەیان تێکدەشکێ، خۆیان لە دورگەیەک دەبیننەوە.
ئەم فیلمە بەشێوەیەکی سیمبولی چۆنییەتی ژیانی کۆمەڵگە یەکەمینەکانی مرۆڤایەتی پیشاندەدا، چۆن دور لە ئاساییشی سەر و گیانیان، دڵەڕاوکێ دەبێتە ئەو یەکەمین هۆکارە بۆ پەیدابونی بیروباوەڕی خوڕافی، یان حەزی دەسەڵاتداری دەبێتە مایەی ئاژاوە و دوبەرەکی و هەمیشە مرۆڤە سەرشێت و توندڕەوەکان بە زۆرداری خۆیان دەسەپێنن و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو ڕکابەرانەی باشتر لەوان بیردەکەنەوە و تێگەیشتنێکی جوانیان بۆ ژیان هەیە، دەدەن.
لە ڕوانگەی هۆشەکییەکان، دەبێ لەناو بەرهەمی ئەدەبی و هونەریدا زانینێکی شاراوە بونی هەبێ، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەدەب و هونەر لەپێناو چێژ و جوانی بێ، ئەوا زانین بەختەوەرییە و بینینی جوانیش پەیوەستە بە هۆشەوە. بەو مانایەی بینینی پەیکەرێکی هونەری لە ڕێی هەستەوە، لە تاشەبەردێک زیاتر نییە، پێویستە بە هۆش و زانین جوانییەکەی بناسرێت. لێرەوەیە چێژی ئەدەبی و جوانی هونەر، لە تێگەیشتن و ناسینەوەی ئەو زانینەیە بەرهەمەکە وەکو مەتەڵێک لەناوخۆیدا هەڵیگرتوە.
لە سەرەتای فیلمەکە ڕاڵف (یەکێکە لە قارەمانەکان) گوێچکهماسییهک وهک بڵندگۆ بۆ بانگەواز و کۆکردنەوەی ئەو قوتابییە پەرتەوازانەی کەوتونەتە شوێنی جیاجیای دورگەکە بهکاردێنێت. لێرهدا بڵندگۆ ئەو میدیایەیە بە نوێنەری دەنگی خەڵک دادەنرێ، کە پاشان جاک (کارەکتەرە خراپەکە) سهرهڕای ئهوهی لهبهر حەزی باڵادەستی بە زۆر خۆی دەسەپێنێ، یەکەم کاری لە ماوەی دەسەڵاتدا، بۆ کپکردنی دەنگی جەماوەر، گوێچکهماسییهکە دەشکێنێت.
لە ئەفسانە کۆنەکانی یۆنان پرۆمیتۆس یەکێکە لەو خوایانەی دۆستی مرۆڤە، کاتێک زیۆس (خوای خواکان) مرۆڤ بە تاریکایی دنیای خوارەوە سزا دەدا، ئەو لە دنیای سەرەوە ئاگریان بۆ دەدزێت. کەواتە ئاگر ئاماژهیه بۆ ڕوناکی و زانین. بۆیە ئەم قوتابییە بزربوانە، ئهوکاتهی بە شوشەی چاویلکەکەی سیمۆن (ئەو کارەکتەرەی دۆستی مرۆڤایەتییە)، ئاگر لە تیشکی خۆر دەدزن، بۆ ئەوەیە لەم دورگە دورەدەستە بە ڕوناکایی ئاگرەکە، پێیان بزانرێت و ببینرێنەوە.
زۆرجار مرۆڤ لە ئەگەری نهزانی و دیارنەبونی هۆکاری گرفتهکان، پەنا دەباتە بەر لێکدانەوەی نالۆژیکی. وەکچۆن هەندێک مرۆڤ بۆ ڕەواندنەوەی چاوەزار، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هەڵە، مەرجانەی شین و ناڵەئەسپ بەکاردێنن، ئەوانیش لەبەر قسەی دو لە قوتابییەکان، گوایە تارمایی سەرێک و دوباڵی گەورەیان بینیوە، ترسیان لە هاتنی دەعبا بۆ دروست دهبێت. هەرچەندە لە کونپشکنی دورگەکە، جگە لە بەرازێک هیچی تێدا نادۆزنەوە، هێشتا لە هەبون و نەبونی دەعبا دڵنیا نین، ناچار پاش کوشتنی بهرازهکه، سهرهبڕاوهکهی بۆ ترساندن و دورخستنەوەی دەعبا و درنج بە دارێک هەڵدەواسن.
سیگموند فرۆید لە تەوتەم و تابۆ پێیوایە، باوکی یەکەم هۆزی مرۆڤەکان گشت ژنەکانی هۆزەکەی بۆخۆی گلداوەتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی کوڕەکانی لێکەوتۆتەوە و باوکەکەیان کوشتوە، دواتر بۆ دابەشکردنی ژنەکانی بەسەرخۆیاندا، لە دەوری ئەم قوربانییە پیرۆزە کۆبونەتەوە. بە هەمان شێوە بەرازیش ئهو ئاژهڵهیه، وهک باوکه یهکهمینهکه بەردەوام لە خەمی تێرکردنی ورگ و چێژی خۆیەتی، لێرەدایە سەرەبڕاو و بە خوێنەکەی ئەم قوربانییە پیرۆزە، مێشەکان لەخۆی کۆدەکاتەوە و دەبێتە گەورەی مێشەکان.
لەگەڵ ئەوەی دەگوترێ زانین بەختەوەرییە، سەرچاوەی دەردیشە. لە هەمو کۆمەڵگایەکی چەقبەستودا، ئەوانەی بەدوای زانین و ڕاستییەکی تردا دەگەڕێن، بە کەسی نامۆ تەماشا دەکرێن، چونکە زۆرینەی خەڵک بە زانینی باو دەژی، ئەوان به پێچهوانهوهی زۆرینهکه، بە زانینی نوێ باوەڕە جێگیرەکان هەڵدەوەشێننەوە، هەرئەوەیە توشی دەردیسەریان دەکاتەوە. بیجی ئەو کارەکتەرەیە لەپێناو بەدواداچون بۆ دروستی ئەم باوەڕە و لێکۆڵینەوە لە هەبونی دەعبا لەوانیتر دادەبڕێ، لەکاتی پشکنیندا ئهو ڕاستییهی بۆ دهردهکهوێ تارمایی سەر و دوباڵە گەورەکە هی فرۆکەوانەکە بوە، بەهۆی تێکشکانی فرۆکەکەی بە پەڕەشوت خۆی ڕزگار کردوە. له کۆتایی بیجی لە ڕێی گهڕانهوهی بۆ ناو کۆمەڵەکە، دەکەوێتە بەر کەمینی ئەو هاوڕێیانەی لە چاوەڕوانی دەعباکەدا بون، واتا وەک نوێنهر و هەڵگری ڕاستەقینەیەکی تر بە دهعباکه یەکسان دەکرێتەوە و لەبری ئەو دەیکوژن.

