له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت له پانتایی بچوک بچوکی ئایدیۆلۆژی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی ئێمه‌ی خستۆته به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ک و لێکیدابڕیوین، بۆیه یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی هونه‌ر ئه‌وه‌یه به یه‌کترمان بکاته دۆست و ئاشنامان بکاته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م بیرکردنه‌وه جوانه بچێته خانه‌ی خه‌یاڵه‌وه، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی جوانییهکە ڕه‌وایه‌تی دانه به ناشیرینی. لێره‌وه‌یه ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا بۆ ئه‌وه‌ی، ڕه‌وایه‌تی نه‌دا به‌و ناشیریینییه، ئیش له‌سه‌ر خه‌یاڵه جوانه‌که ده‌کات. چونکه له دواجار ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌یه و پێویسته به‌سه‌ر بکرێته‌وه ته‌نیا مرۆڤه، ئینجا ئه‌و مرۆڤه سه‌ر به ئایین و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته یان ژێرده‌سته بێت.
له‌لای سینه‌ماکاره گه‌وره‌کانی جیهان، هونه‌ر چه‌کێک نییه بۆ لێدان له نه‌ته‌وه و ئایینێکی تر، به مه‌به‌ستی به‌رگری له نه‌ته‌وه و ئایینه‌کانی خۆیان. له هیچ به‌رهه‌مێکی پییه‌ر پاۆلۆ پازۆلینی و ئه‌ندرێ تارکۆڤسکی کاری له‌م شێوه‌یه نابینرێت، ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وان وه‌کو سینه‌ماکارێک له جیهانیبون ده‌که‌ون و هونه‌ره‌که‌یان ده‌بێته هونه‌رێکی لۆکا‌ڵی.
به پێچه‌وانه‌وه مه‌جید مه‌جیدی، یه‌کێکه له‌و سینه‌ماکارانه‌ی له به‌رهه‌مه‌کانیدا، هونه‌ر ده‌خاته خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا و مه‌زهه‌بگه‌رییه‌وه، وه‌کو ئێرانییه‌کی سه‌ر به ویلایه‌تی فه‌قێ و شیعه مه‌زهه‌بێک، هه‌میشه له شه‌ڕی نه‌یاره‌کانیدایه، ئه‌و نه‌یاره جارێک خۆی له ئایدیۆلۆژیایه‌کی وه‌ک مارکسیزم ده‌بینێته‌وه، وەک له فیلمی "باران" ئەوەندەی وێرانبونی ئه‌فغانستان به خه‌تای سوپای سۆڤییه‌ت ده‌زانێ، به خه‌تای تاڵیبانی نازانێ، یان له دواترین به‌رهه‌می به‌ناوی "محه‌مه‌د په‌یامبه‌ری خوا" شه‌ڕی ئیسلامی سوننی ده‌کات.
له فیلمه به‌ناوبانگه‌که‌ی مسته‌فا عه‌قاد به‌ناونیشانی "په‌یامی ئیسلام"، که ئه‌م بەرهەمەیان جێگای ڕه‌زامه‌ندی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه، پێغه‌مبه‌ر له سه‌روی ته‌مه‌نی چل ساڵی دایه و به شه‌ڕه‌کانی به‌در و ئوحد خه‌ریکی گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌یه‌تی، واتا له‌م فیلمه‌دا پێغه‌مبه‌رێکی شه‌ڕکه‌ر و په‌یامێکی توندوتیژت به‌رچاوده‌که‌وێ، که‌چی له به‌رهه‌مەکەی مه‌جیدی به‌س ژیانی منداڵی به‌ر له پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌مه‌د ده‌بینت، منداڵێکی نه‌رمونیانی فریشته‌ئاسا، دوای ئه‌وه‌ی بێ باوک ماوەتەوە، مامی له‌خۆی ده‌گرێ، ئه‌و مامه‌ش ئه‌بوله‌هه‌ب نییه، هه‌مزه نییه، ئه‌بوتاڵیبه.
پڕکردنه‌وه‌ی ته‌واوی فیلمه‌که به ژیانی منداڵی پێغه‌مبه‌ر، له‌به‌ر گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌می منداڵییەکەی نییه، به‌ڵکو منداڵ ئاماژه‌یه بۆ پاکی و بێخەتایی، گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جیدی له‌بری شه‌ڕانگێزی به‌در و ئوحد بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه، له‌پێناو به فریشته‌کردن، یان ڕاستر بۆ به‌عیساکردنی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌ده، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیابینییه سۆفییانه‌ی ئێران بره‌وی پێده‌دا دژ به مۆدێرنه و شارستانییه‌تی خۆرئاوایی، یه‌کبگرێته‌وه.
له هه‌مان کات ئێران وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی جێگیری کشتوکاڵی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌که‌ی له به‌رانبه‌ر بیاباننشینهکانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی و کلتوری هێرش و به‌تاڵانبردن، که دواتر له ئیسلامدا له فتوحات و غه‌زو ته‌رجه‌مه ده‌بێته‌وه و خۆی لەم مێژوە بە دور بگرێت.
له هه‌موی گرنگتر بۆ ڕۆڵی ئه‌بوتاڵیبه له په‌نادان و له‌خۆگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره منداڵه، ده‌یه‌وێ ئه‌وه پیشان بدا سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌بوتاڵیبی باوکی ئیمامی عه‌لی و باپیری حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئەوەش بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و شیعه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئێران نوێنەر و ڕابهرییەتی، به بیانوی ئیسلامبونه‌وه نه‌که‌وێته ژێر قهڵەمڕهوی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننه‌وه. به مانای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بۆ خزمه‌تی شیعه‌گه‌رایی، له کۆتایی مه‌زهه‌بی شیعه، وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پاراستنی شوناسی ئێران.

