فیلمی ڕێگا یه‌کێکه له باشترین به‌رهه‌مه‌کانی یه‌ڵماز گونه‌ی، براوه‌ی چڵه‌خورمای زێڕینه له فیستیڤاڵی کان، ئه‌وکات یه‌که‌م فیلم بوه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێدراوه. ئه‌م فیلمه به دایه‌لۆگێکی که‌م زیاتر به زومی کامێرا باس له پێنج زیندانی به مۆڵه‌تی کاتی بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له زیندان به‌رده‌درێن دەکات.
زیندانییه‌کیان لە ڕۆژی به‌ربونه‌که‌ی به‌هۆی ونکردنی کارتی مۆڵه‌تییه‌وه له ڕێگا له بازگه‌ی پشکنین ده‌گیرێته‌وه. زیندانییه‌کی تر ئه‌و هه‌فته‌مۆڵه‌ته ده‌کاته هه‌لێک بۆ ئه‌وه‌ی ژنێکی تێدا به‌ڕادان بدا و دوای زیندان بیگوازێته‌وه، له کن ئه‌م زیندانییه ژن جگه له کاڵایه‌ک بۆ تێرکردنی ئاره‌زوی پیاو هیچی تر نییه، له داخوازی کچێکدا پێی ده‌ڵێ:
که به‌ربوم یه‌کسه‌ر ده‌تگوازمه‌وه.
وه‌ک سه‌رۆکی خێزان هه‌مو قسه‌یه‌کم ڕاسته، ده‌بێت هه‌میشه به قسه‌م بکه‌ی.
وتم ماست ڕه‌شه، ڕه‌شه.
نابێت له‌گه‌ڵ پیاوان بدوێی یان پێبکه‌نیت. زۆر توڕه ده‌بم.
له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێک قسه ناکه‌ی ته‌نیا برا و خزمی نزیکت نه‌بێ.
چیم وت ده‌بێ بیکه‌یت، به‌رپه‌رچی قسه‌کانم ناده‌یته‌وه.
نابێ بڵێی ئه‌مه‌م ده‌وێ و ئه‌وه‌م ده‌وێت. ئه‌گینا زۆڕ توڕه ده‌بم زۆر.
من پێت ده‌ڵێم چ بکه‌ی و چی له‌به‌ر بکه‌یت. تێگه‌یشتی؟
له وه‌ڵامدا کچه‌که ده‌ڵێ: باش، چه‌ند به جوانی قسه‌تکرد ئه‌وه له زیندان فێربوی؟
مه‌به‌ستی له‌م شێوه‌ده‌ربڕین و پرسیارکردنه دیوه پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، واتا دیاره ده‌ته‌وێ زیندانیم بکه‌ی!
له کۆمه‌ڵگا لێکبه‌ستراوه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ڕه‌فتاری خوشک له‌سه‌ر برا و هی کوڕ له‌سه‌ر باوک و هی ژن له‌سه‌ر مێرد و به کورتی ڕه‌فتاری هه‌ریه‌کێک له‌م ئه‌ندامانه‌ی بنه‌ماڵه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی یه‌کتر. به‌و مانایه‌ی مرۆڤ له دۆخێکی وادا به‌س خاوه‌نی کرده‌وه‌کانی خۆی نییه، که‌س و کاره‌که‌یشی پشکیان له هه‌ڵه و ڕاستییه‌کانیدا به‌رده‌که‌وێت. ئه‌و برایه‌ی به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له باخێکدا له‌گه‌ڵ کوڕێک بینراوه خوشکه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێ، ئه‌وه‌ی ده‌بێته پاڵنه‌ر بۆ کوشتن ژوانه‌که نییه، به‌ڵکو پێزانینی خه‌ڵکییه به ژوانه‌که‌یان، ئه‌وه‌ش سزای کۆمه‌ڵگای لێکبهستراوهیه واده‌کا پێزانینی خه‌ڵکی ببێته ئه‌و فشاره به‌هێزه شه‌رمه‌زاری بنه‌ماڵه‌که‌ی لێبکه‌وێته‌وه و شکۆی ته‌واوی ئه‌ندامه‌کانی پێوه بشکێ. لێره‌دا چۆن خوشکه‌که ده‌بێته قوربانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا لێکبه‌ستراوه و ناتوانێ موماره‌سه‌ی ئازادییه‌کانی تێدا بکا، دیسان باوک و براکه‌یشی، یان ئەو لۆمەکەرانە (خه‌ڵک) ئه‌وانیش قوربانییه‌کی ترن، چاره‌سه‌ریش به گیرانی بکوژ و خه‌تابارکردنی خەڵک ناکرێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان بونه‌ته هۆکاری ئه‌م تاوانه، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه پێناسه‌ی ئه‌خلاق و ژیانی کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌ک دابڕێژرێته‌وه چاکه و خراپه‌کانی مرۆڤ وه‌کو تاکێک هه‌رخۆی لێی به‌رپرسیار بێ، بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگایه ده‌بێ سه‌ره‌تا کلتوری کۆمه‌ڵگاکه دابڕێژرێتەوە.
بۆ تیشکخستنە سه‌ر ئه‌و بابه‌ته زیندانییه‌کی تریان چونکه له‌مێژه گیراوه و له‌و ماوه‌یه‌ش هاوسه‌ره‌که‌ی به‌رگه‌ی ته‌نیایی و بێ پاره‌یی نه‌گرتوه په‌نای بردۆته به‌ر له‌شفرۆشی، ئەویش وه‌ک مێردێکی خیانه‌تلێکراو له نێوان لێبورده‌یی و ویستی ده‌وروبه‌ر که بڕیاری ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنن پێویسته ئه‌و له‌که ڕه‌شه له ڕوی لاببا و شه‌ڕه‌فی خۆی و ئه‌وان بکڕێته‌وه، یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژێری و ده‌ستی ناچێته خوێنی و هێشتا خۆشیده‌وێ.
کاتێک له‌ناو پاس و میتڕۆکانی تورکیا دڵداره‌کان گه‌مه و ده‌ستله‌ملانێیانه ئه‌وه پێشکه‌وتوخوازی وه‌ک گونه‌ی شه‌ڕی له‌پێناو کردوه. له دیمه‌نێکدا زیندانییه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مێکه له جه‌سته‌ی ژن به دوره که ده‌گاته ژنه‌که‌ی هه‌ر له ڕێگا و له ئاوده‌ستی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا دەکەوێتە ده‌ستبازی له‌گه‌ڵیدا، ئایا له کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتو خه‌ڵک به‌سه‌ر دیمه‌نێکی له‌م جۆره‌دا بچن چ کاردانه‌وه‌یه‌کیان ده‌بێ؟
دوای ئه‌وه‌ی لێیان له هه‌ڵڵا ده‌ده‌ن و سوکایه‌تییه‌کی زۆریان پێده‌که‌ن، ئه‌فسه‌ری لێپێچینه‌وه به پیاوه‌که ده‌ڵێ: شه‌رمت به‌خۆت نییه؟
ئەویش ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی لای تۆ شه‌رمه، بۆ من وه‌ک پێویستییه‌که.
دواتر ئه‌و زیندانییه‌ش له تۆڵه‌ی خوێن و دوژمنداری ده‌کوژرێته‌وه.
زیندانییه‌که‌ی تریش خه‌ڵکی گونده‌کانی سەر سنوری تورکیا و سوریایه، به بیانوی کاری قاچاخی ناوچه‌که‌یان مینڕێژکراوه، له ڕاستیدا ئه‌و مینڕێژییه له‌به‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورده‌کانه و دەسەڵات به چاندنی مین نه‌وه‌ستاوه، له پاڵ ئه‌مه به ڕۆژ خه‌ریکی ڕه‌شبگیری و به شه‌و خه‌ریکی ته‌قه‌کردن و کوشتنه له‌و سنوره. براگه‌وره به‌رمینکه‌وتوه‌که‌ی ئه‌م زیندانییه ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی حاڵی له قاچاخچیان خراپتره کورده‌کانن.
له کۆتایی په‌یامی فیلمه‌که ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌مومان زیندانین، زیندانین له‌ناو عه‌سکه‌رتارییه‌تی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان ژیانیان له هاوڵاتییان کردوه به سه‌ربازگه، زیندانین به‌ده‌ست ڕێساکانی ئایین، زیندانین به داب و نه‌ریت و بیرکردنه‌وه‌ی خێڵه‌کییانه، یان وه‌ک که‌مینه زیندانین به شۆڤێنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه و سه‌رده‌سته.
که‌واته له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌کانی ده‌وڵه‌تیش هه‌ریه‌که‌مان له سوچێک له زیندانێکی تر داین.

