زمانی دایک، فیلمێک لەبارەی زمانەوە
زمانی دایک، فیلمێک لەبارەی زمانەوە
فلیمی زمانی دایک لە دەرهێنان و نوسینی قوربان محمەد پورە لەساڵی 2011، کە لەخانەی فیلمە کۆمەڵایەتییەکانە، کورتەی فیلمەکە ئاماژەیە بۆ خێزانێک دوای ئەوەی زمانیان دەگۆڕێت ناتوانن لەیەکتر تێبگەن، ئەم فیلمە زیاد لە ڕەهەندێکی لەخۆی گرتوە، وەک دەرونیی، کۆمەڵایەتیی، فەرهەنگیی، کە زمان بەشێکی دانەبڕاوی فەرهەنگی هەر کۆمەڵێکە. زمان لەم فلیمەدا جەوهەر نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گوزارشت لە بیرۆکەیەک، کە ئەویش تێگەیشتن و تەمابونی مرۆڤە لەگەڵ یەکتردا، بەو پێیەی زمان ئامرازی تێگەیشتنی نێوان مرۆڤەکانە، بەڵام ئەم فلیمە پێمان ئەڵێت دەکرێت بێ ئەوەی لەیەک تێبگەین، لەیەک تێبگەین!! واتە بێ ئەوەی زمانی یەکتر بزانیین، بتوانین پێکەوە بین، لەبەرانبەریشدا، دەشێت زمانی یەکتر بزانین، بەڵام لەیەکتر تێ نەگەین و هەڵنەکەین، کەواتە لە ڕوانگەی ئەم فلیمەوە جەوهەری لەگەڵیەکدابون زمانی هاوبەش نیە، بایی ئەوەندەی تێگەیشتنی هاوبەشە، دەشێ ئەو تێگەیشتنە ناوەکی بێت، وەک نورێکی سۆفییانە، وەک هەڵاتنی خۆر لە دەمی گزنگ و سپێدەدا، کە ببێتە مایەی ڕۆشنکردنەوەی دەرونمان، ئەگەر زمان تەنها ئامرازی پێکەوە بونمان بێت، ئەوا(سارا)و (مەحمود)نەیان دەتوانی ببنە هاوژینی یەکتر، چونکە سارا توانای قسەکردنی نەبو، بۆیە هەندێک جار هێندەی بێدەنگی پەیامی تێدایە، هێندە زۆر بڵێی و قسەکردن هەڵگری پەیامێکی دیاریکراو نیین، سەرەڕای هەمو ئەم تێما و ئاماژانەی لەم فلیمەدا هەن، ڕۆڵی زمان لە مامەڵەی ڕۆژانەی مرۆڤدا زۆر گرنگ پیشاندراوە، بەو پێیەی زمان گرنگترین ئامرازی پەیوەندیکردنی نێوان مرۆڤەکانە،

بەبێ زمان ژیان بە ئاسایی درێژەی نابێت، هەروەها کارەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕایی نابن. زمان دیاری خوایی بێت بۆ مرۆڤ، یان پرۆسەیەکی گۆڕانی بەردەوام بوبێت لە ژیانی مرۆڤدا بەدەست هاتبێت، یان سروشت بەمرۆڤی بەخشیبێت، دواجار زمان کۆڵەکەی دروستبونی کۆمەڵە و بێ زمان ژیاریی دروست نابێت. ئەوەی لەم فلیمەدا وەک پەیامێک زەق دەردەکەوێت، ئەوەیە ،کە زمان ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازە، ئامرازێکی گرنگ بەڵام جێکەوتەی ئامانج پڕناکاتەوە، ئامانج‌و ئامراز دوشتی جیان، ئامانجی ئێمە لە ژیان لێکتێگەشتنمانە بۆ پێکەوە بونمان و چارەسەرکردنی کێشەکانمان، زمانیش ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە وانەزانین، کە لە زمانی یەکتر تێگەشتین ئیتر لەیەکتریش تێدەگەین و پێکەوە دەمێنینەوە، بەڵکو تێگەیشتن و پێکەوە بونمان پێوەندی قوڵی بە ڕەهەندی بیرکردنەوەی ئێمەوە هەیە، بیرکردنەوەیەک ببێتە مایەی لێکتێگەیشتنیمان لە ژیانماندا، وەک لەم فلیمەدا دەبینرێت سەرەتا زمانیان هاوبەش بو نەیانتوانی پێکەوەبژین، کەچی دوای گۆڕانی زمانیان، کێشەکانیان چارەسەر کرد، بێ ئەوەی لە زمانی یەکتری تێبگەن. کەواتە دەرهێنەری ئەم فلیمە وەک کەسێکی ئەکادیمی بواری سینەما و بەرهەمهێنانی فلیم کەمتازۆر زانیاریی لەسەر زمان هەیەو زانیویەتی گرنگی زمان لە چی ئاستێکدایە، ئەوەی لایەنی هونەری ئەم فلیمەی بەهێز کردووە، زەقکردنەوەی لایەنێکە وەک تایتڵی فلیمەکە، کە بریتییە لە (زمان) و پاشان باسکردنی چەند ڕەهەندێکی تری وەک: کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی سۆزداریی نێوان کچ و کوڕ ...تاد، بەهەمانشێوەی ڕۆمانی هاوچەرخ ،کە سەرەڕای ڕوداوی سەرەکی چەندین بابابەتی تر لەپەنای هێڵە گشتییەکەدا دەخرێتە ڕو، هەروەها لایەنێکی تری بەهێزی ئەم فلیمە بریتییە لەکەسایەتی (سارا)، کچێکی تابڵێی جوان بەڵام کەڕولاڵ،کە (مەحمود)ئامۆزایەتی و خۆشی ئەوێت، بەڵام دایکی ڕازی نییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، لەم فلیمەدا بینەر لە باری گریان‌و پێکەنیندا تێکەڵدەبێت، ئەمەش کاریگەرێتی فلیمەکە دەردەخات، کە دەتوانێت بینەر پەلکێشی نێو ڕوداوەکانی فلیمەکە بکات.